پێش نزیكەی چل ساڵ.. هێشتا تۆنەكانی دەنگی ئەو لە هزر وگوێمدا ئەزرینگێنەوە وبیرم ناچنەوە، وكاریگەری واتای قسەكانی لەسەر بیركردنەوەم هەر جێی نەهێشتووە وماوە، كاتێك لەكۆڕێكی پرسەدا قسەی دەكرد لەسەر ژیانئاوایی یەكێك لە زانایانی كورد.. ولەوێدا باسی دەكرد لەسەر ڕۆڵی زانایانی كورد لە خزمەتكردنى ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، كە بەداخەوە ئەو هەمووە خزمەتەیان بۆ ئایین.. لە بیرچۆتەوە، یان لە بیر براوەتەوە! وهەروەها گوتی: ئەگەر كەسێك غافڵ ببێت، یان غافڵ بكرێت لە هەڵمژینی بەرامە وبۆنی گوڵاوی بەرهەمی زانایانی كورد لە باخچەی بەرینی ئاینی ئیسلامدا.. وە یان لە باخچەی زانست وئەدەبدا، وە یان نابینا بكرێت ونەهێڵدرێت بەرهەمی سەدان زانای هەڵكەوتەی وەك دینەوەرییەكان وئامێدییەكان وجزیرییەكان وشارەزورییەكان وئەوانی تر.. ببینێ‌! لە زانایانی خاوەن شكۆی كورد.. ئەوانەی كە مۆزەخانە وكتێبخانەكانی جیهانی ئیسلامەتيیان ڕازاندەوە و ڕۆشنكردەوە.. بە بەرهەم ودیارییە زانستی وئاینییە بەنرخەكانی خۆیان.. ئەوا با تۆنی تیژی دەنگە ئەفسوناوییەكەی قورئانخوێنی مەزنى كورد.. (عەبدولباسیت) بێداریان بكاتەوە ولەو غەفڵەتە ڕایان چڵەكێنی.. وگوێچكە كەڕەكانیان بكاتەوە وپێیان بڵێ‌: كە گەلی كورد بە قەد تۆزقاڵێكیش كەمیی وخەمساردییان لە خزمەتكردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا نەنواندووە، جا ئەگەر ئەو خەڵكە بێهۆشە.. تەنانەت بە بیستنی ئەو خوێندنەوە ئاسمانی ودڵڕفێنەی عەبدولباسیتیش..   هەر گوێیان نەكەنەوە.. وە خۆیان لە ناو قوڵایی خەو وبێهۆشیدا بهێڵنەوە، وهەر خزمەتەكانی گەلی كوردیان لەبەرچاو نەبێت، ئەوا هێشتا شوێنگە وكاریگەری خزمەتی زانایانی كورد لە جیهانی خەویشدا زۆر زیاتر وباڵاتر وكاریگەرترە لە ڕۆڵی ئەوان لە جیهانی ئاگاییدا.. ئیدی – لەم دۆخی بێهۆشی وخەوەیشیاندا - (ئیبن سیرینی كوردی) دێت، ولێكدانەوەی خەونەكانیان بۆ دەكات! وهۆشدارییان دەداتێ‌ وبێداریان دەكاتەوە وبانگیان دەكات بۆ ئەوەی بە ئاگا بێنەوە، وئەم هۆنراوەیان بەسەردا دەخوێنێتەوە كە لەبارەی خزمەتكردنی گەلی كوردەوە بۆ ئایین.. دەڵێت:

بَیَّضْتَ بِالْکـَرْدِ وَجْهَ الْکُرْدِ، فأتلقوا            کواکباً في سماء المجد والحـسب

ردّوا الحیاة علی الإسلام وابـتـهـجوا            بالموت محتسباً.. إثــر مــحــتــسـب

أعیا جهادک قوماً.. أبطـنـوا حــسداً             و أظهروا عجباً أدعی إلی العجب:

أ ینصر الدِّین کرديّ!! فـــقـــــل لهم:          الدِّیــــن للهِ.. لا لـلـــکــُرد والــــعـــــرب

جا لەڕاستیدا ئەو گوتاربێژە زمانپاراو وبە توانایە.. تەنها كەسێكە وەك زانای گەورە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای ئەحمەدیان.. ئەو زانایەی كە بە بەرهەمە بەنرخ وبەپێزەكانی خزمەتی زۆر تایبەت وگرنگی بە كۆمەڵگەی كوردی كرد، وئەو هەمیشە خوێندكارانی زانستی شەرعیی هان دەدا .. تا زانیارییەكانیان لە ناو تیانووس وپەڕتووكەكاندا تۆمار بكەن، وبەم هۆیەوە لە تیاچوون بیانپارێزن، وهەمیشەیی بوون بەو زانیارییانە ببەخشن.. تا نەوەكانی داهاتوویش سوودیان لێ‌ وەربگرن، چونكە لە ناو كورددا زانای زۆر مەزن هەبوون، كە هەم خوێندەواری گەورە وهەم وانەبێژی زۆر زانا بوون، بەڵام پەڕتوكنووس نەبوون! وتەنها قوتابییان پێگەیاندوون.. بەڵام بەداخەوە قوتابییەكانیش دواتر بە باشی ئەو زانستەیان لە تیاچوون نەپاراستووە كە لەو مامۆستا زۆر زانایانەوە وەریانگرتووە، وبەم هۆیەوە زانیاری وشتی زۆر تیاچووە.. كە زۆرینەی لە داهێنانی هزریی ئەو زانا باشانە بووە، وبە داخەوە ئێستا بەردەست نییە!

بەڵام عەللامە ئەحمەدیان.. لەگەڵ ئەوەیدا وانەبێژ بوو.. ئامۆژگاریش بوو، وە نووسەرێكی هوشیار وچالاكیش بوو، وبەڕاستی زانا بوو بەوەی سەردەمەكەی و ژینگەكەی دەیخوازێت، وبە مانای وشە ئەمەی دەزانی ودۆخەكەی هەڵدەسەنگاند ودەناسی، وە میراتێكی زانستی زۆر بەرفراوان وفرە سەرەی لەدوای خۆی بەجێهێشت، كە بەڵگەیە لەسەر بەرینیی جیهانبینی ئەو، وهزر وبیر وئەندێشەی قوڵ وفراوانی.. وە دانراو، ونووسراوە بەهێز وبە پێزەكانی لە هەموو زانستە ئیسلامییەكاندا.. وەكوو: تەفسیر، و زانستەكانی قورئان، و زانستەكانی فەرموودە، و زانستی كەلام، و ژیاننامەی پێشەوا گەورەكانی وەك: ئەبووبەكری صدیق، وعومەری كوڕی خەطاب، (خوایان لێ‌ ڕازی بێت)، وپاشان بیۆگرافیای ئیمامی شافعی.. ئەمانە باشترین بەڵگەن لەسەرئەوەی كە زانایەكە بە تامی زانایانی پێشوو.. وە دواتر بەرهەمەكانی لەسەر بابەتەكانی (كەلامی نوێ‌)، وپەرچڤەكردنی (رسالة التوحید)ـی، شێخ محەمەد عەبدە، ونووسراوەكانی لەسەر بابەتە هزرییە هاوچەرخ ونوێیەكان.. ئەمەیشیان باشترین بەڵگەیە لەسەر هاوچەرخبوونی بیری ئەو، و ڕاهاتنی هوشیارانەی لەگەڵ ئەم سەردەمەدا وخۆگونجاندنی زانایانەی لەگەڵ ئەوەی ژینگە ودۆخە نوێیەكە دەیخوازێت، وە هەروەها هەندێ‌ لە نووسراوە ئاینییەكانی وەكوو تەفسیری سوڕەتی فاتیحە وئەلبەقەرە ویاسین.. وهەندێ‌ نووسراوی ئەدەبیی تری بە زمانی كوردی، وبەو نووسین وداڕشتنە باڵاو ئێجگار نایاب وبەرز وبەهێزەوە، لەڕاستیدا لەهەندێ‌ ڕووەوە هیچی كەمتر نییە لە ڕێژگە بەپێز وئێجگار دەوڵەمەندەكەی (مامۆستا هەژار)، كە ئەمەیشیان باشترین بەڵگەیە لەسەرئەوەی كە ئەو زانا موكریانیيە ئەوپەڕ بایەخیداوە بە ڕۆشنبیریی گەلەكەی خۆی.. گەلی كورد!

 

ڕوونکردنەوە:

وتاری «دکتۆر ڕەسووڵ­نەژاد»، کە لە لایەن دکتۆر «عەبدوڵڵا مەلا ئەحمەد» لە عەڕەبییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، لە سەرچاوەی خواروودا هاتوون:

ـ «الـملاّ عبداللّه أحـمدیان الـمَهَابادی، جهوده ومنهجه وآ‌راؤه فی التّفسیـر وعلوم القرآ‌ن»، تێزی دکتۆرای عبدالله ملا احمد، زانکۆی سلیمانی.